|
.
|
|

ئێوارەی دوێنێ چوارشەم لە گەڕی 17ی خولی نایابی میسڕ هەردوو یانەی میسڕی و ئەهلی لە یاریگەی شاری بۆرسەعید رووبەڕووی یەكتر بوونەوە، یارییەكە بەئەنجامی 3-1 گۆڵ بۆ بەرژەوەندی یانەی میسڕی بەكۆتا هات، بەڵام دوای تەواوبوونی یارییەكە هەندەرانی هەردوولا بەبەرد و شووشە و یاریی ئاگرین كەوتنە سەر گیانی یەكتر و لە ئەنجامدان سەتان كەس بوونە قوربانی. تەلەڤزیۆنی میسڕ لە زاری بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری تەندروستی شاری بۆرسەعید ئاماری قوربانیانی بڵاو كردەوە كە 73 كوژرا و نێزیكەی هەزار بریندارە. سەر لە بەیانی ئەمڕۆ بلاتەر لە پێوەندییەكی تەلفۆنیدا پرسە و سەرەخۆشی لە سەمیر زاهیری سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی میسر كرد و رووداوەكەی بە رۆژی رەش لە مێژووی تۆپی پێی دنیا وەسپ كرد. بلاتەر شەوی رابردوو هەر دوای رووداوەكە لە سایتی "فیفا" پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی گشت ئەو كەسانە كرد كە بوونەتە قوربانی لەو رووداوە دڵتەزێنەدا و هیوای خواست ئەمە دواین كارەساتی تۆپی پێ بێ و جارێكی تر روونەداتەوە.
|