|
د. چنار سەعد عەبدوڵڵا
|
|
دووشەممە, 23 کانونی دووەم 2012 16:47 |
|

یەكێك لە سیما دیارەكانی هەبوونی سیستەمی دیموكراسی و ئازادیی كاری ڕێكخراوەیی، چالاكی و جموجۆڵی سەندیكاییە لەسەر گشت ئاستە پیشەییەكاندا، ئەركی ئەم گرووپە جیاوازانە تەنیا پارێزگاریكردن لە مافی ماددیی توێژەكانیان نییە، بەڵكوو بەرپرسن لە پاراستنی سنوورە زانستی و یاساییەكانی هەر پیشەیەك، بە جۆرێك ئاستی جۆرایەتی ڕوو لە دابەزین نەكات، هەروەها بەرپرسیشن لە پاراستنی مافی گشت هاووڵاتیان لە بەرانبەر ئەو ئەرك و خزمەتگوزاریانەی كە توێژ و دامەزراوە پێوەندارەكان پێشكەشی دەكەن. لەبەر ڕۆشنایی ئەو چەند خاڵەی سەرەوە، لە كۆمەڵگە پێشكەوتوو و دیموكراسییەكاندا، ڕێكخرا و كۆمەڵەكان هەم ڕۆڵی چاودێریكرنی دامەزراوەكانی جیبەجێكار دەبینن بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی مافی توێژەكانیان پێشێل ناكرێ، لە هەمان كاتدا لە داڕشتنی پڕۆژەیاسا و دەركردنی بڕیارەكاندا بە ڕێگەی لۆبیكردن ڕۆڵێكی كارا لە خزمەتكردنی كۆمەڵگەدا و بەرگرتن لە تاكڕۆیی لە دەستەڵات و پەرەسەندنی نادادپەروەری و بایەخدان بە چینوتوێژێك لەسەر حیسابی فەرامۆشكردنی چینوتوێژێكی دیكە، دەبینن. لە پاش ڕاپەڕینی 1991ـەوە لە كوردستاندا بە سەدان ڕێكخرا وی NGO و سەندیكا و كۆمەڵەی پیشەیی دامەزراون، كە زۆرێك لەوان بە پێی یاسای پەرلەمانی ئەرك و مافەكانیان بۆ دیاری كراوە و مانگانە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە میزانییەیەكی دیاریكراویان پێ دەدرێت، كەچی تاكوو ئەمڕۆ ئەو جەیشە لە ڕێكخراوە مەدەنی و پیشەییانە، نەیانتوانیوە وەك پێویست ڕۆڵی خۆیان لە بواری كاری پیشەیی و ڕێكخراوەییدا ببینن و ببنە ئەو هێزە كۆمەڵایەتییە بزوێنەرەی كە كاریگەری لەسەر ڕەوتی سیاسی، ئیداری، ئابووری، كۆمەڵایەتیی هەرێمدا دروست بكات. دیارە هۆكاری ئەمەیش بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێتەوە. یەكەمیان: ساوایی ئەزموونی كاری ڕێكخراوەیی و سەندیكایی لە كوردستاندا. دووەم: لاوازی و كەمهۆشیاریی زۆرێك لەو كەسانەی كە كاری ڕێكخراوەیی و سەندیكایی ئەنجام دەدەن. سێیەم: كەمبایەخ سەیركردنی كاری ڕێكخراوەیی لە لایەن هەرسێ دامەزراوەكانی یاسادانان، جیبەجێكار و قەزایی و گوێنەگرتن و بەهەندوەرنەگرتنی ڕا و پێشنیازەكانیان لە كاتی پێویستدا. چوارەم: ڕۆشننەبوونی سنووری كاری ڕێكخراوەیی و حكوومی، بە جۆرێك لە هەندێك كاتدا تێكەڵاوییەك لە نێوان ئەركەكانی هەر دوو لا دروست دەبێت، هەر بۆیە هەندێك كەڕەت هەندێك كاری سەندیكاكان، لە لایەن دامەزراوە جیاوازەكانی حكوومەتەوە ئەنجام دەدرێت، كە زۆرێك لە كۆمەڵە و سەندیكاكان ئەم گلەییە دەكەن. كەواتە ڕەخساندنی كەشێكی لەبارتر بۆ ئازادیی كاری ڕێكخراوەیی و سەندیكایی و بەشداریپێكردنیان لە گشت بوارەكانی ژیان و پێدانی هێز و توانایی و پێگەی زیاتر پێیان، دەبێتە هۆی خزمەتكردنی هەر چی زیاتر بە گشت چینوتوێژەكانی كۆمەڵگە و ڕەخساندنی دادپەروەری زیاتر، كە لە ئەنجامدا بەدەستهێنانی متمانە و پشتیوانیی هاووڵاتیان بە كابینەی تازەی لێ دەكەوێتەوە، كە ئەمەیش بە گەورەترین سەركەوتن دادەنرێت.
|