|
زكرى مووسا
|
|
دووشەممە, 13 شوبات 2012 15:03 |
|

بوونی دەستووری هەرێم، هەوێنی سەرەكیی دەوڵەت یان پێكهێنانی كیانێكی سەربەخۆیە. بۆ ئەوەی هەرێم شەرعییەتێكی زیاتر بداتە تێكڕای جموجۆڵە سیادی و یاسایی و ئابوورییەكانی خۆی و بناخەكانی كیانی نەتەوەیی لە بەرانبەر دنیای دەرەوەدا بەهێزتر بكات، پێویستە مەسەلەی دەستوور چیی دیكە دوا نەكەوێت و شێوەی ئامانجێكی ستراتیژیك وەربگرێ و نەبێتە قوربانیی سەلیقەی سیاسیی لایەنەكان. بانگەشەی گێڕانەوەی ڕەشنووسی دەستوور بۆ پەرلەمانی كوردستان، جگە لەوەی پاڵپشتێكی یاسایی نییە پتر مانای پەلكێشكردنی پڕۆسەی سیاسی بۆ نێو قەیران و بەهەڵەتێگەیاندنی خەڵكە لە كڵێشەی كاری دەوڵەتداری و حوكمڕانیدا. لایەنی سیاسی هەیە حەزی لە تێكەڵكردنی دین و دەوڵەتە، لایەنیش هەیە حەز ناكات جگە لە پەرلەمان مەرجەعییەتێكی هەڵبژێردراو هەبێ بۆ یارمەتیدانی پڕۆسەی سیاسی و حەز دەكات دەستەڵاتی ڕاپەڕاندنی هەرێم لە ژێر كاریگەریی جموجۆڵی سیاسیی حزبە ورد و درشتەكاندا بێت. ڕاستە لە بابەتێكی ئاساییدا دەتوانرێ لە ڕێی ڕێككەوتن و تەوافوقەوە ئیجماعێكی سیاسی دروست ببێ، بەڵام لە مەسەلەیەكی پڕبەهای وەك دەستووردا ئەوە ڕیفراندۆم و دەنگی خەڵكە شتەكان یەكلا دەكاتەوە و شەرعییەتی كۆتایی وەردەگرێ. هۆكاری سەرەكیی دژایەتیكردنی ڕەشنووسی دەستوور لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمە لە لایەن خەڵكەوە كە لە ڕەشنووسەكەدا ئاماژەی پێ دراوە. لایەنە بەرهەڵستكارەكان وایان پێ باشە سەرۆكی هەرێم دەستەڵاتێكی تەشریفاتی هەبێت و لە لایەن ئەحزابی نێو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت نەك دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵك. ئەگەر ئەو تێبینییە مانای پەرۆشی بێت بۆ دیموكراسی و سیستەمی سیاسی، به دڵنیاییهوه بوونی سەرۆكێكی هەڵبژێردراو لە لایەن خەڵكەوە پتر خزمەتی دیموكراسی دەكات، چونكە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆك لەگەڵ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكاندا بە مانای زێدەبوونی كەڕەتەكانی بەشداریی خەڵكە لە پڕۆسەی دەركردنی بڕیاری سیاسیدا. جگە لەوەیش بوونی سەرۆكی هەڵبژێردراو لە تەك حكوومەت و پەرلەمانێكی هەڵبژێردراو بە مانای دابەشبوونی دەستەڵات دێت لە نێوان چەند دەستگەیەكی هەڵبژێردراودا. لە لایەكی دییەوە، بوونی سەرۆكایەتییەك كە ڕاستەوخۆ دەنگی خەڵكی لە پشتە، ڕێگر دەبێ لەوەی چارەنووسی وڵات تەنیا بە مانۆڕی سیاسیی ئەحزابی نێو پەرلەمانەوە گرێ بدرێت. سەرباری ئەوەیش موزاییكی سیاسیی كوردستان فرەڕەنگ و ئاڵۆزە و هیچ حزبێكی سیاسی ناتوانێ بە تەنیا حكوومەت پێك بهێنێ. لە وەها حاڵەتێكدا بەشێكی زۆری وزە و تواناكانی دەستەڵاتی جێبەجێكردنی هەردەم لە ڕازیكردنی ئەحزابەكاندا سەرف دەبێت و ئەگەری خۆڵقاندنی قەیران لە ئارادایە. بۆ تێپەڕینی قەیرانەكان و پاراستنی سەقامگیریی وڵات پێویستە مەرجەعێكی دیكە هەبێت كە ڕاستەوخۆ دەنگی خەڵكی لە پشتە نەك بەرژەوەندیی حزبەكان و ئەویش بوونی پۆستی سەرۆكی هەرێمە. باڵادەستبوونی یاسا و نەریتە باوەكانی كاری دەوڵەتداری، یارمەتیی هەرێمی كوردستان دەدات لە هەنگاوەكانی بەرەو پێكهێنانی كیانێكی تۆكمە و دامەزراوەیی سەركەوتووتر بێت. بەڵام لە دۆخی بێبڕوایی بە یاسا و ئیرادەی گەلدا دەبێ چاوەڕوانی بەهەدەرچوونی وزەی نیشتمانی و هەلە مێژووییەكان بین كە لە ئەنجامی لێكخشانی سەلیقە سیاسییە جۆراوجۆرەكانەوە دێتە كایەوە و غەوغای سیاسی شوێن بە سەقامگیریی سیاسی لەق دەكات.
|