|
ئازا حەسیب قەرەداخی
|
|
دووشەممە, 13 شوبات 2012 15:15 |
|

لەوەتەی ڕاگەیەنراوە كە كاك (نێچیرڤان بارزانی) كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم پێك دەهێنێ، وتارگەلێك لە پێشوازیكردنی ئەو ڕووداوەدا نووسراون. بەشێكیان پێداهەڵگوتن بوون، بۆیە لێیان دەگەڕێم بۆ ئەو مەبەستەی لە نەفسی نووسەرەكانیاندایە. بەشێكی دیكەیان وتاری پڕ لە گوزارشتی شاعیرانەی ڕۆمانسی بوون كە لەگەڵ ڕووداوەكەدا نەگونجاون، چونكە حكوومەت دامەزراوەیەكی سیاسی- یاسایی خودان بەرنامەی ئابووری و خزمەتگوزاری و كولتووری و ئیدارییە، ڕۆمانسییەت ناخوازێ. بەشێكی دیكەی وتارەكان لە ژێر یەك تایتڵدا كۆ دەكرێنەوە كە بڕوابوونە بەوەی ئەم كابینەیە هێنەری چارەسەری كێشەكانی هەرێمە و دەبێتە (حكوومەتی خەڵك). هەرچەندە ئەم بەشە لە وتارەكان چاوەڕوانی چاكسازیی لە كابینەكەی (نێچیرڤان بارزانی) دەكەن، بەڵام كە بە (حكوومەتی خەڵك)ـیان پێناسە كردووە، جۆرێك لە ناڕۆشنییان داوە بە حكوومەتەكە، چونكە هەر لە بناغەوە خودی خەڵك پێناسە ناكرێ! ئایا مەبەستیان لە ڕووە كۆمەڵایەتییەكەی خەڵكە كە هەموو چینوتوێژ و پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینیی جیاجیا و جۆراوجۆر دەگرێتەوە؟ جا ئایا هیچ حكوومەتێك دەتوانێ بە یەك ئاست و ڕادە و ئاڕاستە حكوومەتی ئەم بوونەوەرە بەرفراوانە لاستیكییە نەگیراوە بێت و هیچ كەرتێكیش لەم خەڵكە لێی ناڕازی نەبن؟ ئایا مەبەست لە خەڵك نوێنەرە سیاسییەكانی خەڵكە كە لە حزبەكانی حكومڕان و هاوپەیمانەكانیان و ئۆپۆزسیۆنەكانیان پێك هاتوون؟ جا ئایا حزبەكان دەتوانن نوێنەرایەتیی تەواوی خەڵك بن، لە كاتێكدا بەشێكی خەڵك نە لە حزبدان و نە بەشداریی چالاكیی سیاسی دەكەن و تەنانەت بەشداریی پڕۆسەی دەنگدانیش ناكەن؟ لەبەر ئەم هۆیانە و هیی دیكەیش، بە لامەوە نالۆژیكییە حكوومەت ناو بنرێ حكوومەتی خەڵك و لەو بڕوایەدام ئەم چاوەڕوانییە لە ڕواڵەتدا هەندێك لە چاوەڕوانییە ڕۆمانسییەكە لای داوە ئەگینا لە كرۆكدا هەڵگری هەمان ڕوح و شەیداییە. ئەوەی واقیعییەتی ئەم حكوومەتە دەسەلمێنێ و لەگەڵ ڕوحی سەردەمدا دەیهێنێتەوە و دەتوانێ ببێتە وەڵامدەرەوەی خواستەكانی ئەم قۆناغە لە بنیاتنان و گەشەكردن، ئەوەیە ببێتە (حكوومەتی باش). واتە ببێتە حكوومەتێك توانای چارەكردنی ئەو كێشانەی هەبێ كە حوكمڕانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبەڕوویان دەبنەوە و بە هۆی لاوازیی (تێدایەتی ـ التچمینیە) و لێپرسینەوەی گشتییەوە دروست دەبن. تێدایەتی واتە هەر كەسێ بەرژەوەندیی لە حوكمڕانیدا هەبێ و بیەوێ بەشداری تێدا بكات، لەسەر بنەمای یەكسانی لەگەڵ خەڵكانی دیكەدا دەتوانێ بیكات. سەرچاوەی لێپرسینەوەیش ڕاستی و دروستیی نوێنەرایەتییە، بە مانایەكی دیكە ئەوەی هەڵدەبژێردرێ بۆ حوكمڕانێتی بە ناوی گەلەوە دەبێت ملكەچی گەل بێت، كە هەڵەی كرد سزا بدرێ، كە كاری باشیشی كرد پاداشتی بكرێ. لێپرسینەوەیش پەشئەستوورە بە هەر یەكێك لە زوڵاڵی ـ شفافیە، و ڕكەبەرایەتی. زوڵاڵییش واتە زانین و زانیاری لە بارەی حكومڕانییەوە. ڕكەبەرایەتییش واتە توانای دیالۆگ و خستنەڕووی بژاردە و ڕكەبەرایەتی لە نێوانی نوێنەرەكان و سیاسەتە ئەلتەرناتیڤەكاندا. لەبەر ڕۆشنایی ئەم پێشەكییەدا، خوا یار بێ، زنجیرە وتارێك لە هەفتەكانی ڕابردوودا بۆ ڕۆشنكردنەوەی ئەم تێڕوانینەم تەرخان دەكەم و بە ژمارە و داتا و ئامار كێشەكانی تێدایەتی و لێپرسینەوە دەخەمە ڕوو كە بۆ ئەوەی حكوومەتەكەی (نێچیرڤان بارزانی) ببێتە حكوومەتێكی باش، پێویستە توانای چارەكردنی ئەوانەی هەبێ.
|