|
ههرمان
|
|
دووشەممە, 19 ئەیلول 2011 10:18 |
|

نووسەر و چالاكوانی بواری ژنان و كۆمەڵی مەدەنی (مەهاباد قەرەداغی)، لە گفتوگۆیەكی ڕۆژنامەوانيدا، باس لە پێگە و كاریگەریی ئافرەتی كورد لە بوارەكانی سیاسەت و بەڕێوەبردن و چالاكییەكانی كۆمەڵی مەدەنیدا دەكات. ئەو، كە ساڵانێكە لە ڕێگەی قەڵەمەكەیەوە لە پرسەكانی پێوەست بە كۆمەڵگەی كوردی و بە تایبەتیش بە ڕۆڵی ئافرەتانەوە دەدوێت، هاوكات باس لە كارگەرییەكانی دابونەریت و چەندان پرسی دیكەی پێوەست بە ئافرەتانەوە دەكات. - زۆر جار دەگوترێت ڕۆڵی ئافرەت لە كۆمەڵگەی كوردیدا؛ بە تایبەتی لە بوارەكانی سیاسیەت، بەڕێوەبردن و بەشداریكردن لە چالاكییەكانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیدا وەك پێویست نەبووە، ئایا ئەم قسەیە لە ڕووە گشتییەكەیەوە تا چەند ڕاستە؟ مەهاباد قەرەداغی: ئەگەر بە کۆنکرێتی و ڕاشکاوی وەڵامێکی کۆمەڵناسیانەی ئەم پرسیارە بدەمەوە، دەبێ بڵێم لە بواری سیاسەتدا ڕۆڵی ئافرەت لە کوردستاندا هێندە سنووردارە کە دەکرێ بە نرخی نەبوو بیژمێریت، بەڵام لە بواری بەڕێوەبردندا ڕۆڵی ئافرەت بەرچاوە و نکۆڵی لێ ناکرێت، وەلێ لە ئاستە سەرەتایی و ناوەندییەکانی بواری بەڕێوەبردن، نەک لە پۆستە باڵاکاندا، چونکە تەنانەت لەم بوارەیشدا لە پۆزشنە باڵاکاندا کەمترین ڕۆڵ بە ئافرەت دراوە. لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا ئافرەت دەرکەوتووە، بەڵام وەک پێویست سەرنەکەوتووە و هێشتا ئەو ڕۆڵە زۆر کاریگەرەی نییە کە گرووپی گوشار بێت و لە گۆڕانکارییەکاندا بەشداری کارا بێت، چونکە خودی کۆمەڵگەی ئێمە هێشتا دابونەریت و ڕێسا کۆمەڵایەتییە باوەکانی سیستەمی فیوداڵی و خێڵگەرێتی زاڵە بەسەریدا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییش بە گشتی لە گۆڕینی کۆعەقڵی باوی کۆمەڵگەدا، کەمدەستەڵاتن. - كەواتە تا چەند ئەو ڕێكخراوانەی لە لایەن ئافرەتانەوە بە ڕێوە دەبرێن، توانیویانە لە كارەكانیاندا سەركەوتوو بن؟ مەهاباد قەرەداغی: ڕێکخراوەکان جۆراوجۆرن و ناکرێت پێوەری گشتاندن بەسەریاندا پیادە بکرێت. هەندێکیان ئامانجەکانیان دیارە و هەوڵ دەدەن کار بۆ ئەو ئامانجانە بکەن و کاریگەرییشیان هەیە، هەندێکی دیكەیان تواناکاری ماددی و مەعنەویی باشیان لە بەردەستدا دانراوە، بەڵام توانای مرۆییان لاوازە و نەیانتوانیوە کاریگەر بن. ڕێکخراوی وایش هەیە دەشێ نەبوونی سوودی زۆرتری هەبیت بۆ کۆمەڵگە وەک لە هەبوونی. هێشتا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە گشتی و تەنانەت ڕێکخراوە پیشەییەکان و سەندیکاکانیش لە وڵاتی ئێمەدا بە شێوەیەک ڕێک نەخراون کە ئەرک و ئامانجیان دیار بێت و مافیان دەستنیشان کرابێت و کاریگەرییان ورد و لەجێ بێت، ئەمەیش هۆکاری جۆراوجۆری هەیە و گرنگترینیان بارودۆخی سیاسیی وڵاتی ئێمەیە. - ئایا ئافرەتی كورد توانیویەتی كار بۆ سڕینەوەی ئەو دابونەریتانە بكات كە بە چاوێكی كەمەوە لە مێیینە دەڕوانن؟ مەهاباد قەرەداغی: بە بەراورد لەگەڵ سەدەی بیستەمدا، ئەم سەرەتای سەدەی بیستویەکەمە و لەم یانزە ساڵی پێشوودا، کەمێک گۆڕانگاری بەسەر دابونەریت و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکاندا هاتووە. هەڵبەتە نەک تەنیا بە هەوڵی ئافرەتان خۆیان ئەم گۆڕانکارییانە دروست دەبێت، بەڵکوو گەشەی سیاسی و ئابووری و کولتووری لە هەر وڵاتێکدا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە دابونەریت و جۆری بیرکردنەوە و تێڕوانینی باوی کۆمەڵگە. جگە لەمانەیش وڵات تا یاساییتر بێت، ئاساییتر دەبێت، مەبەستم لەمەیش، تا یاسامان زۆرتر بێت بۆ ڕێکخستنی ژیان و پێوەندییەکانی مرۆڤ لە ناو خێزان و کۆمەڵگە و دامودەستگە فەرمییەکاندا، ئەوەندە حوکمی دابونەریت و ڕێسا کۆمەڵایەتییە دواکەوتووەکان کاڵ دەبنەوە. - ژمارەیەك ئافرەتی چالاك لە بواری مێدیاییدا دەبینرێن، ئایا ئەمە لە ئاست پێویستی و داخوازییەكانی كۆمەڵگەی كوردیدایە؟ مەهاباد قەرەداغی: نەخێر! وەک چەندێتی و وەک چۆنێتییش بەشداریی ئافرەت لە بواری ڕاگەیاندن و میدیاییدا لە کۆمەڵگەی کوردستان زۆر کەمترە لە ئاستی پێویست. بواری میدیا جگە لە پسپۆڕێتی لە بوارەکەدا، توانایەکی زۆری لە بواری زمان و بەکارهێنانی وزەی وشەکان پێویستە، جگە لە بوێری و دلێرییەکی بێباکانە. لە بواری میدیای بینراودا بۆ نموونە؛ گرنگ ئەوە نییە ئافرەت چەند دەردەکەوێت و چی لەبەر دەکات، گرنگ ئەوەیە چۆن دەردەکەویت و چۆن پەیامەکەی بە شێوازێکی باوەڕپێهێنەرانە دەگەیەنێت. لە بواری نووسین و ڕاگەیاندنی نووسراویشدا بە هەمان شێوە، ئەوە گرنگ نییە چەند دەنووسێ و چەند ستوونی بەردەوامی هەیە، بەڵکوو ئەوە گرنگە وزەی وشەکانی چەند ناوەڕۆکی نووسینەکەی کاریگەر دەکات و لە هۆشیارییەوە هەڵقوڵاوە و کار لە هۆشیاریی کۆمەڵگە دەکات. ئافرەت کاتێ دەنووسێت، پێویستە بە تەواوی هۆشیارییەوە خۆی بە خاوەنی ئەو زمانە بزانێت کە پێی دەنووسێت، تا بتوانیت یارییەکی داهێنەرانە لەگەڵ وشەکاندا بکات و زمان بە ئاڕاستەی پاراوکردن و بێلایەنکردن بگۆڕێت، چونکە زمانی کوردی بە هۆی سیستەمی خێڵگەرێتیی درێژخایەنەوە، زمانێکی توندوتیژی نێرسالارانەیە و لە نێویدا مێینە ڕەمزی لاوازی و سستییە. ئێمە ئەگەر زمانی نووسین و ڕاگەیاندن بەو ئاڕاستەیە نەگۆڕین کە شایان بە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و مرۆیی بێت، چەندیشمان نووسیبێت و گوتبێت کاریگەریی کەمی دەبێت. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە هۆی گوشارەکانی نێو خێزان و کۆمەڵگەوە، هێشتا زۆربەی ئافرەتی پێنووسبەدەست، یان خۆبەسیاسیزان و دەرکەوتوو لە ڕاگەیاندنەکان، هێشتا خۆیان بە خاوەنی زمانی کوردی نەزانیوە و هەروەها لەبەر پەرەسەندنی حزبە مەزهەبییەکان و بەسیاسیکردنی ئایین و ئەو هەڕەشە ئاشکرایەی بۆ سەر ئافرەتانی نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوان هەبووە، ئەو دلێرییەی کە بۆ ئەم بوارە پیویستە، وەک پێویست پیادە نەکراوە. -ئایا كاریگەریی ئافرەتی كورد لە بوارە جیاجیاكاندا وەك پێویست بووە یان نا؟ ئەگەر لاواز بووە، ئایا هۆكارە سەرەكییەكان چین؟ مەهاباد قەرەداغی: ئافرەت خزمەتی زۆر پێشکەش بە خێزان و کۆمەڵگە دەکات، بەڵام لە بەرانبەر ئەو خزمەتە زۆرەی کە دەیکات، نە لە خیزاندا و نە لە کۆمەڵگەدا پێگەیەکی بەهێزی نییە و بایەخی ڕاستەقینەی پێ نەدراوە و نەیانهێشتووە کاریگەر بێت. هەر کۆمەڵگەیەکیش ئافرەتی لاواز بیت، کۆمەڵگەیەکی سستە و وەک پێویست گەشە ناکات. هۆی سەرەکیی ئەم دیاردەیەیش خەوشی تێڕوانین و کەموکوڕیی ویژدانییە لە سیستەمی بیرکردنەوە و لە کۆنەستی کۆمەڵگەدا. ویژدانی باڵا بە پێوەرێکی زەینی و گەردوونی و بە پێی یاسای سەرەکیبوون هاوسەنگی و عەدالەتی بۆ مرۆڤ ویستووە. هەر لادانێک لەو یاسایە و هەڵاواردن و جیاکارییەک بە پێی جۆری مرۆڤ و شێوەی مرۆڤ و حەسەب و نەسەبی مرۆڤ، دەبێتە هۆی لاسەنگی لە زەینی تاک و کۆزەینی کۆمەڵگە و لە ئاکامدا کار لە هەموو ژیانی مرۆڤ و پێوەندییەکانی مرۆڤ دەکات. ناتوانین بە ڕەهاییەوە باسی هیچ شتێک بکەین، بەڵام لە مەسەلەی پێوەندیی نێوان هاوسەنگیی گەردوون و پیادەکردنی عەدالەتدا، دەتوانین بڵێن بە بێ پیادەکردنی دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان مرۆڤەکاندا، هاوسەنگی دەبێتە مەحاڵ و سیستەمەکانی ناو کۆمەڵگە لە نێو قەیرانی بەردەوامدا دەتلێنەوە و ژیان نائاسایی دەبێت.
|